بەهۆی زیادبوونی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شانگهای کۆمپانیای نێودەوڵەتییەکان بەتەواوەتی داخراوە.

بەهۆی زیادبوونی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شانگهای کۆمپانیای نێودەوڵەتییەکان بەتەواوەتی داخراوە.




2022-04-10 12:45:44


بەهۆی زیادبوونی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شانگهای، ماوەی هەفتەیەکی تەواوە ئەو شارە گەورەیە کە ناوەندی بازرگانی چینە و یەکێکە لەو شارانەی کە کۆمپانیای نێودەوڵەتییەکان لقی خۆیان لەوێ هەیە، بەتەواوەتی داخراوە. ئەوەش وایکردووە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کارەکانیان رابگرن.

 

ئێریک ژێنگ، بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە شانگهای دەڵێت، "ئەگەر ئەم داخرانەی ئێستا لە شانگهای بەردەوام بێت، نیوەی کۆمپانیاکانمان وەبەرهێنانیان کەمدەکەنەوە. هەرچەندە ئێستا زۆر زووە، بەڵام کۆمپانیاکان چاوەڕوانی رێوشوێنەکانی دیکەن و دەیانەوێ بزانن داخرانەکە چەندە بەردەوام دەبێت. ئەگەر ئەم رەوشە بەردەوام بێت کۆمپانیاکان چاوخشاندنەوە بە وەبەرهێنانیان دەکەنەوە."

 

هەرچەندە بەندەری شانگهای کراوەیە، بەڵام ئەم رۆژانە تەنیا چەند کەشتییەکی کەم لەوێ لەنگەریان گرتووە. بەپێی دەسەڵاتدارانی چین، گواستنەوەی کەلوپەل و پێداویستییەکان لە شانگهای بە رێژەی 40٪ کەمبووەتەوە.

 

بێتینا شوێن، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی یەکێتیی ئەوروپا لە شانگهای دەڵێت، "کێشە و ئاستەنگی زۆر هەیە، بۆ نموونە زۆربەی کۆمپانیاکان لێرە ناچارن نووسینگەکانیان دابخەن و کارەکانیان بوەستێنن. ئێستا ئەو کۆمپانیانەی کە زۆر تایبەتن مۆڵەتی کارکردنیان پێدەدرێت، بەڵام ئەوانیش دەبێت کرێکاران لە کارگە دەرنەچن و بە تەنیا لە ژوورەوە کاربکەن."

 

بەندەری شانگهای قەرەباڵخترین بەندەری چینە و 17٪ی کۆی بازرگانیی بەندەرەکانی چین لەو رێگەیەوە ئەنجام دەدرێت؛ لە بەندەری شانگهایەوە ساڵانە بە بەهای 47 ملیۆن تۆن کاڵا دەگوازرێتەوە.

 

حکومەتی چین پێشبینیکردووە لە ساڵی 2022 بەرێژەی 5.5٪ گەشەی ئابووری هەبێت، بەڵام بەردەوامی داخرانی شانگهای، بەپێی شرۆڤەکاران، گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە دادەبەزێنێت.

رووداو