كاریگەریەكانى میدیا لە پرۆسەى ئابوورى

كاریگەریەكانى میدیا لە پرۆسەى ئابوورى




2019-10-06 20:20:29


كاروان سورچى 
ئابووری لایەنێكی گرنگی ژیانى هەر تاكێك پێكدێنێت ، زۆربەی گۆڕانكاریە سیاسی و شەڕ و ئاژاوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان هۆكارەكانی ئابووری یە. گەلێك فاكتەر هەن كار لەئابووری وولآت دەكەن و باری سەقامگیری ئابووری تێك دەدەن، بۆیە لەم كاتانەدا ئابووری بە بەردەوامی رووبەروى كێشەوگرفت دەبێتەوە،  ئیدارەی سەركەوتوو ئەوەیە كە بتوانێ بەرنامەو پلانی وا دابڕێژێ كە كاریگەرى بۆ سەقامگیری ئابووری نەبێت . لەو نێوەندەشدا رۆڵى میدیا كاریگەریەكى ئەرێنى دەبێت لە پێشخستنى پرۆسەى ئابوورى لە هەر ولآتێك ، هەر ولآتێك ئەگەر میدیایێكى پرۆفیشناڵ و سەركەوتووى نەبوو هەرچەند ئابووریەكى بەهێزى هەبێت هیچ كاریگەریەكى بەسەر پێشخستن و گەشەسەندنى رەوشى ئابوورى نابێت بۆیە دەبێت راگەیاندن یاخود میدیا رۆڵێكى وا بگێرێت پرۆسەى ئابوورى ولآت وا پیشان بدات كە كاریگەرى بەسەر هەرتاكێك و ولآتانى دەوروبەر هەبێت ، بۆ نموونە ئەگەر سەیرێكى ولآتى توركیا بكەین لەماوەى سالآنى نەوەدەكان رەوشى ئابوورى ئەگەر باشیش بووبێت واى نەكردووە كە كاریگەرى بەسەر ولآتانى دیكە یاخود دەوروبەرى هەبووبێت . 
لە ئێستادا میدیاى ئەو ولآتە واى كردووە لە جیهان و بگرە لە ولآتى دەروبەرى وا نیشاندراوە كە پرۆسە و گەشەى ئابووریەكەى زۆر بەهێزبووە كە خۆیى لەخۆیدا ئابووریەكەشى بەهێزە ، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە ولآتى توركیا زیاتر پەرەى بە میدیاى ئابوورى ولآتەكەى داوە بۆ ئەوەى ئەو پرۆسە سەركەوتووەى لە پێشخستنى ئابووریەكەى ئەنجامیداوە بەشێوەیەكى بەرچاو و روون نیشانى ولآتەكەى و دەروبەرى و جیهانى بدات . سەبارەت بە رەوشى میدیا، لە هەرێمى كوردستان میدیا لە قۆناغێكى راگوزەردایە و لە زۆر رووەوە پێویستى بە كارى زانستى و پرۆفیشناڵى هەیە و تاوەكو ئێستا لە هیچ دام و دەزگایەكى میدیاى وەكو پێویست گرنگى بە پرۆسەى ئابوورى هەرێمى كوردستانى نەداوە ، تا ئێستا میدیا واى نیشان نەداوە كە هەرێمى كوردستان چەندە دەوڵەمەندە بە كەرتى سامانى سروشتى و كەرتى گەشتیارى و كەرتى كشتوكاڵى ، دەبێ میدیا بۆ هەر تاكێكى هەرێمى كوردستانى روون بكاتەوە كە هەبوونى سامانى سروشتى لە هەرێمى كوردستان چەندە گرنگە و چەندە دەبێتە هۆى پێشخستنى رەوشى ئابوورى نەوەكو لە ئێستادا كە باسى سامانى سروشتى هەرێم دەكرێت هەر تاكێكى كورد بە داهاتێكى دزیكردن بۆ چەند لایەنێكى دەبینێت و پێیان وایە سامانى سروشتى بۆتە هۆى دروستبوونى ئاڵۆزى سیاسى لە هەرێم ، هەروەها دەبێ میدیا وا نیشانى كۆمەڵگەى بدات كە كاركردن لە كەرتى كشتوكاڵى چەندە بە سوودە كە هانمان بدات پشت بە بەرهەمى خۆمانى ببەستین كە هەوڵى دووركەوتنەوە بدەین لە هاوردەكردنى كەلوپەلى بیانى كە لە ئەنجامدا داهاتى تاكە كەسى خۆمان لەسەر كەرتى كشتوكاڵ دابین بكەین ، لە دیوێكى ترەوە میدیا كەرتى گەشتیارى رۆڵكى گەورە بگێرێت لە پیشاندانى ئەم سێكتەرە گرینگە كە جگە لە گەشتیارى ناوخۆى، فاكتەرێكى گرنگ بێت بۆ هاتنى گەشتیارى بیانى بۆ ئەوەى داهاتى ئەو كەرتەش بەهێز و پتەوبێت و ژێرخانى ئابوورى هەرێمى پێوە بەهێز بكەین. لە هەرێمى كوردستان سەرەڕاى لاوازى میدیاى ئابوورى لە كەناڵەكان هەواڵ و بەرنامەكانى ئابوورى بونەتە پاشكۆى سیاسى و گرینگێكى ئەوتۆى پێنادرێت كەئەمەش وادەكات میدیاكارى ئابوورى لە كارەكانى سست بێت ، بۆیە دەبێت لە ناوەندەكانى راگەیاندن بەو ئاراستەیە كاربكرێت كە ئیتر  ئابوورى پاشكۆى روداوى سیاسى نەبێت، كە ئەم كارەش بە كردنەوەى چەندین سەنتەرى لێكۆڵینەوەى ئابورى و میدیاى دەكرێت بۆ ئەوەى لێكۆڵینەوە لەسەر رەوشى ئابوورى بكات ، كە كەسانى شارەزا و پسپۆر كار لەسەر چۆنیەتى پێشخستنى رەوشى ئابوورى ولآتەكەیان لە رێگەى میدیاوە بكەن ، بۆیە دەبێت ئێمەش چاوێك لە ولآتان بكەین و پەرەى زیاتر بە رەوشى ئابوورى بدەین لە رێگەى میدیاوە.