2024-08-22 06:51:55
بڕیاری کۆمپانیای لۆفتهانزای ئەڵمانی بۆ ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ عێراق و بەشێک لەو وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە زیانێکی گەورەی ئابووریی لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان داوە، چونکە بەشێک لە هاووڵاتییان تکتی گەشتیان کڕیوە و ڕێگەیان پێ نادرێت گەشت بکەن.
وەک لە ڕابردوودا ڕووی داوە، هەر کێشەیەک یاخود ململانێیەک زیانمەندی سەرەکی تیایدا هاووڵاتییانی عێراق دەبن، هەڕەشەکانی سوپای پاسداران لە ئیسرائیل کە بووەتە هۆی ڕاگرتنی گەشتەکانی بەشێک لە کۆمپانیاکان لە ئاسمانی عێراق و بەتایبەتی کۆمپانیای لۆفتهانزای ئەڵمانی کاریگەری نەرێنی لەسەر هاووڵاتییان داناوە.
ڕەشید عەلی، هاووڵاتی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: یەکێک لە کەسە نزیکەکانم کە دەویست بۆ مەبەستی چارەی تەندروستی گەشت بکات، بەڵام بەهۆی ڕاگیرانی گەشتەکانی لۆفتهانزا، نەیتوانی گەشت بکات. تەنانەت ئەو ڕاگیرانە کاریگەری لەسەر تەندروستی هەبووە، چونکە کەسی نەخۆش بەرگەی دواخستنی چارە پزیشکییەکەی بۆ چەند کاتژمێرێک ناگرێت چ بگات بە چەند ڕۆژێک.
لەلایەکی دیکەوە، عەلا کازم، ڕێبەری گەشتیاری، دەڵێت:ئەمڕۆ بەشێکی زۆری هاووڵاتییان تکتیان کڕیوە، هەڵوەشاندنەوەیان زیانێکی گەورەی دارایی لەکۆمپانیاکان دەدات، هەروەها دۆخی ئێستە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆی کۆمپانیا گەشتیارییەکان کردووە.
کۆمپانیای لۆفتهانزای ئەڵمانی بڕیاری دا هەڵپەساردنی گەشتەکانی بۆ عێراق تا 26ـی ئەم مانگە درێژە پێ بدات، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
K24